مێرکڵ : دەبێ یەکێتى ئەوروپا پاڵەپەستۆى زیاتر بخاتە سەر ڕوسیە و ئێران بۆ ڕاگرتنى توندوتیژییەکانى نێوان سووریە
ڕاوێژکارى باڵاى ئەڵمانیا:
پێویستە یەکێتى ئەوروپا پاڵەپەستۆى زیاتر بخاتە سەر ڕوسیە و ئێران بۆ ڕاگرتنى توندوتیژییەکانى نێو سووریە
'ئەنجێلا مێرکڵ "، پێنجشەممە لە پەرلەمانى وڵاتەکەى گوتى: "ڕێژیمى سوریە دژى تیرۆریستەکان شەڕ ناکات، بەڵکو دژى خەڵکى خۆیەتى. منداڵەکان دەکوژێت، نەخۆشخانەکان وێران دەکات و ئەمە کۆمەڵکوژییەکە کە دەبێت مەحکوم ببێت ".
مێرکڵ ئەوەشى گوت، ئێران و ڕووسیە کە هەردووکیان خاوەن هێزن هاوڕاى بەشار ئەسەد، بەرپرسن لەم بوارەدا. هەر لەم بوارەدات ڕاوێژکارە باڵاکەى ئەڵمانیا دەیهەوێت وەزیرى دەرەوەى وڵاتەکەى لەگەڵ " سێرگى لاوروف " ى هاوتاکەى دانیشێت و لەم بارەوە گفتوگۆ بکات.
شایەنى باسە، هێزە ئێرانییەکان لە سووریە پاڵپشتى ڕێژیمەکەى بەشار ئەسەد دەکەن و بێجگە لەو هێزەى کە سوپاى پاسداران بردوویەتییە سووریە، چەندین هێزى وەک فاتمییەکان کە شێعەى ئەفغانین و زەینەبییەکان کە شێعەى پاکستانین و هەردووک تیپ لە لایەن ئێرانەوە دروست کراون، ئەوانیش لە نێو سووریەن و لە بەرژەوەندى بەشار ئەسەد دەجەنگن.