پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوەو چەند پڕۆژەیاسایەک تاوتوێدەکات

پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوەو چەند پڕۆژەیاسایەک تاوتوێدەکات

بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوەو گفتوگۆ لەسەر ژمارەیەک پڕۆژەیاسا بکات و هەر لەکۆبوونەوەکەشدا راپۆرتی شاندەکەی پەرلەمان کە سەردانی کانتۆنی عفرینیان کردبوو بخوێنرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بەپێی بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان، خوێندنەوەی یەكەم بۆ ژمارەیەك پرۆژە یاسا دەكرێت‌.
بەپێی زانیارییەکان هەر لەکۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا  پەرلەمانتارانی کوردستان، گفتوگۆ لەسەر پرۆژە یاسای بەكاركردنی هەمواری یاسای میلاكات‌ و پرۆژە یاسای بەركاركردنی یاسای بازرگانیكردن بە مرۆڤ دەکرێت.
بەپێی كارنامەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان، لەدانیشتنەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پرۆژە یاسای درێژكردنەوەی كاركردنی بەیاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، دەکرێت.
لەتەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەشدا سەبارەت بە پرۆژەیاسای چاكسازی لەخانەشین و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكانی دیكە گفتوگۆ دەكرێت، جگە لەوانەش پرۆژە یاسای هەمواری یاسای پارێزەرایەتی، پرۆژەیاسای هەمواری چوارەمی یاسای سندوقی خانەنشینی پارێزەرایەتی و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان  گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت.
هەر لەمیانی دانیشتنەکەیی پەرلەماندا، راپۆرتی ئەو لیژنە پەرلەمانییەی سەردانی رۆژئاوای كوردستان و كانتۆنی عفرینی كردبوو، لەبارەی سەردانەكەیانەوە دەخوێندرێتەوە.