دوایین هەواڵەکانی عەفرین
سوپاى تورکیا ئەوڕۆ پاش مانگێک لە ئۆپەراسیۆنى چڵە زەیتوون بۆ سەر عەفرین، سوپا تۆپبارانی شاری عەفرین و گوندەکانی دەوروبەری کرد و بەو هۆیەوە منداڵێک لە گوندی " باسۆتە " گیانی لەدەست دا و ٨ هاووڵاتی دیکەش برینداربوون کە ٣ یان منداڵن.
هێزەکانى سووریاى دیمۆکرات " هەسەدە " ئەمڕۆ باسیان لەوە کردووە کە لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا شەڕێکی سەخت ڕووى داوە و کاتێک کە هاووڵاتیانی حەلەب بۆ پشتگیرى گەیشتوونەتە عەفرین، سوپای تورکیا سەنتەری شارەکەیان بە چەکی قورس تۆپباران کردووە و زۆربەی تۆپەکان لە گەڕەکەکانی " تورندێ " و " ئەشرەفیە " کەوتوونەتە خوارەوە".
هەروەها لە شەو و ڕۆژى ڕابردوودا لە گوندی " بلێلکا " و دەوروبەری لە بەرەی شارۆچکەی " ڕاجۆ" و دەوروبەری 'قەڵای نەبی هۆریی " لە بەرەی شارۆچکەی "شەرا " و بەنداوی " مەیدانکێ " و شارۆچکەی " جندروێس" و گوندی " حەجیکا " ، شەڕ لە نێوان شەڕڤانان و سوپای تورکیا و هاوپەیمانەکانى ڕووی دا و لە ئەنجامدا ٧ سەربازی سوپای تورکیا کوژران و دەیان کەس بریندار و چەند شەڕڤانێکیش شەهید بوون.
هەروەها ئەمڕۆ پووتین و ئەردۆغان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دۆخی عەفرین و ئێدلبیان تاوتوێ کرد و بڕیار وایە بەم زووانە وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و تورکیا و ئێران هەر لەسەر ئەم بابەتە کۆ ببنەوە.