رونکردنەوەیەک لەبارەی شەڕەکەی هەولێرەوە بڵاودەکرێتەوە

رونکردنەوەیەک لەبارەی شەڕەکەی هەولێرەوە بڵاودەکرێتەوە

وەزیری ناوخۆی عێراق جەختیکردووەتەوە، کە روداوی شەڕەكەی ناوبازاڕی شاری هەولێر لەنێوان كۆمەڵێك گەنجی شارەكە و چەند گەشتیارێکی بەسڕە، كاریگەری ناكاتەسەر پەیوەندی برایانە و پێكەوەژیانی سەرجەم پێكهاتەكان، وەزیری ناوخۆی هەرێمیش لەو بارەوە دەڵێت، ئەو روداوە هەڵسوكەوتی كەسی بووە.
دەبێت یاسا رێڕەوی خۆی بگرێت.
لە بەیاننامەیەکدا، لیوا سەعد مەعن وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی رونیكردووەتەوە، لەسەر روداوی شەڕەكەی ناوبازاڕی هەولێر لەنێوان كۆمەڵێك گەنجی شارەكە و ژمارەیەک گەشتیاری بەسڕە کە چەند رۆژی رابردوو رویدا، قاسم ئەلئەعرەجی وەزیری ناوخۆی عێراق بە تەلەفۆن لەگەڵ كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە بارەی روداوەکەوە گفتوگۆیان كردووە.
باس لەوەشکراوە، کە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری ناوخۆی هەرێم لەسەر روداوی شەڕەکە، داوای لێبوردن و نیگەرانی بەرامبەر ئەو هەڵسوكەوتە دەربڕیوەو بە هەڵسوكەوتێكی كەسی وەسفیكردووە، كە گوزارشت لەخوڕەوشتی كۆمەڵگەی كوردی ناكات. هاوکات دووپاتیشیکردووەتەوە، کە ئەو هەڵسوكەوتی لێدانە لە گەشتیاران لەدەرەوەی یاسایە و نیگەرانی گشتی لێكەوتووەتەوە، چونکە ناكۆكە لەگەڵ گیانی پێكەوەژیانی ئاشتیانە و برایانەی نێوان پێكهاتەكان.
کەریم سنجاری جەختیشیکردووەتەوە، کە دەستدرێژیكاران دەستبەسەرن و بەپێی یاساش لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت.
لای خۆشیەوە، قاسم ئەلئەعرەجی وەزیری ناوخۆی عیراق رایگەیاندووە، کە پێویستە یاسا رێڕەوی خۆی بگرێت لە روداوەكەداو ئەو جۆرە هەڵسوكەوتە ناقۆڵایانەش كاریگەری ناكاتەسەر پەیوەندی برایانە و پێكەوەژیانی سەرجەم پێكهاتەكان.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر، لە بارەی روداوی شەڕەکەی هەولێرەوە، پەیامێكی ئاراستەی بەرپرس و كەسوكاری ئەو گەنجانە كرد، کە لێان دراوە،  داوای لێبوردنی لێكردن.