ئیمانوێل ماکرۆن : داوا لە حەسەن ڕۆحانی دەکات فشار بخاتە سەر حکومەتی سوریا

ئیمانوێل ماکرۆن : داوا لە حەسەن ڕۆحانی دەکات فشار بخاتە سەر حکومەتی سوریا

ئیمانوێل ماکرۆن "سەرۆکی فەڕەنسا داوای لە هاوتا ئێرانییەکەی حەسەن ڕۆحانی کرد فشار بخاتە سەر حکومەتی سوریا بۆ ئەوەی کۆتایی بە هێرشەکانی بهێنێت بۆ سەر ناوچەی غوتەی ڕۆژهەڵات و ڕێگە بدات یارمەتییە مرۆییەکان بگەنە ناوچە گەمارۆدراوەکە.

دوای سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا " ژان لۆدریان " بۆ تاران لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا هەر دوو سەرۆک ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی لە ڕۆژانی داهاتوودا پێکەوە کاربکەن لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و دیمەشق و وڵاتانی دیکەدا لەپێناو باشتکردنی ڕەوشی هاووڵاتیانی مەدەنی و گەرەنتی ئەوەی ئاگربەستەکە جێبەجێ بکرێت.

بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی فەڕەنسا دەڵێت فەڕەنسا پێشبینی ئەوە لە ئێران دەکات کە یارمەتیەکی بنیادنەرانە بدات لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ڕۆژی یەکشەممە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەیان کردکە توندوتیژییەکان لە غوتەی ڕۆژهەڵات زیادی کردووە سەرەڕای ئەو داوایەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وەستاندنی شەڕ بۆ ماوەی سی ڕۆژ لە سەرتاسەری سوریادا.

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا " ژان لۆدریان " وتی پێویستە ئێران چارەسەری ئەو ترسانە بکات کە دەوری بەرنامە موشەکییەکەی داوە ئەگەر نا ڕووبەڕووی سزاکان دەبێتەوە.